ڕووناک سەمەدی، دکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی، مامۆستای زانکۆ و قوتابخانەیە لە جوانڕۆ.
سەڕەتا ڕوونکردنەوەکان لەسەر سێ کتێبی ئەم دواییە؟
ژیانی هەموو مرۆڤێک، جا شاراوە بێت یان ئاشکرا، لەگەڵ خەون و ئامانجەکانیدا دەگونجێت. یەکێک لە خەونە دێرینەکانم لە منداڵییەوە نووسین بوو. من ئەم هەستە خۆشە قەرزاری دایکمم؛ دایکێک کە سەرەڕای ئەوەی نەیدەتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێت، هەموو شەوێک چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە- چیرۆکێک کە بەداخەوە تەنیا بەشانێکیم ئەمڕۆ لەبیرە.
بۆ پاراستنی یادەوەری دایکم، یەکەم کتێبم لەسەر بنەمای یەکێک لەو چیرۆکە شەوانە نووسی؛ چیرۆکێک کە زۆرم خۆشدەویست و ناوی “دنکە هەنارە” بوو.
دوای پشوویەکی چەند ساڵە، سێ کتێبی ئەم دواییەم لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ چاپ و بڵاوکرانەوە. ئەم بەرهەمانە بۆ گروپی تەمەنی منداڵان نووسراون و ناوەڕۆکێکی پەروەردەیی و پاڵنەر و دڵخۆشکەریان هەیە.
بۆچی شیعر بۆ منداڵان؟
شیعری منداڵان لای من تەنیا فۆرمێکی ئەدەبی نییە، بەڵکو پردێکە لە نێوان خەیاڵ و زمان، نێوان یاری و مانا.
لە جیهانێکدا کە منداڵان بە تەکنۆلۆژیا و خێرایی دەورە دراون، شیعر و چیرۆک دەرفەتێکە بۆ وەستان، لاواندنی وشەکان و بۆ دۆزینەوەی جوانی لە سادەترین شتەکاندا.
شیعر دەتوانێ زمانی دایکی بۆ یاریکردن بهێنێت و بە زیندوویی بهێڵێتەوە و لە دڵی منداڵدا ڕەگ داکوتێت.
چ کەلێنێک لەم بوارەدا هەیە کە وای لێکردیت شیعر بۆ منداڵان بنووسیت؟
لە زۆرێک لە ناوچە کورد زمانەکاندا شیعری منداڵان بە زمانی دایکی یان زۆر به دەگمەن دەس ئەکەوێت یان لە ناوەڕۆکدا لەگەڵ جیهانی منداڵدا ناگونجێت. ئەو بۆشایانەی کە هەستم پێدەکرد بریتی بوون لە:
- نەبوونی شیعرهایەک بۆ وێناکردنی کولتووری ناوخۆیی
- نەبوونی بەرهەمی سادە و ڕیتمیک بۆ فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵان
- نەبوونی شیعرێک کە لە یەک کاتدا خەیاڵی و پەروەردەیی و سۆزداری بێت
ئەم بۆشاییانە وای لێکردم شیعر و چیرۆکی منداڵان بنووسم؛ بەو هیوایەی شیعر هەم بتوانێت زمان بە زیندووی بهێڵێتەوە و هەم خەیاڵی منداڵ پەروەردە بکات.
لە چ بوارێکی تردا شیعرت نووسیوە؟
من لە بوارە جیاوازەکاندا شیعرم نووسیوە، لەوانە:
- شیعری فەلسەفی و ئۆنتۆلۆژی بە ڕەنگ و بۆنێکی عیرفانییەوە
- شیعری ڕۆمانسی و سۆزداری و خەیاڵاوی
- شیعرهایەک بە تەوەری ژنانە و جەختکردنەوە لەسەر پێگەی ژن لە کۆمەڵگەیەکی نەریتیدا
- شیعرهایەک کە لە سروشت و ئەفسانە و هێما کولتوورییە کوردییەکانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە
- شیعری پڕ سۆز و پاڵنەر بۆ نیشتمان
زۆربەی شیعرەکانم بە زمانی کوردی نووسراون و ئیشەڵڵا لە داهاتوویەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.
بەڵام شیعری منداڵان بۆ من ئەزموونێکی نوێ و پڕ لە سۆزە؛ چونکە بینەرەکەی ڕاستگۆترین و هەستیارترین کەسن.
دۆخی ڕۆشنبیری و ئەدەبی ناوچەکە چۆن دەبینن؟ پۆتانسێل و کەموکوڕی
ناوچەکەمان پڕە لە توانای کولتووری:
- زمانە دەوڵەمەندەکان، لەوانەش زمانی کوردی بە لقە زۆرەکانی و فارسی
- نەریتی زارەکی و مۆسیقا و چیرۆک کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە
- شاعیر و نووسەری بەهرەمەند، تەنانەت لە گروپی تەمەنی منداڵ و هەرزەکاردا، بەڵام زۆرجار نادیارە
بەڵام کەموکوڕییش هەیە:
- نەبوونی دامەزراوەی پشتیوانی بۆ چاپ و فێرکردن
- نەبوونی فەزای ڕۆشنبیری بۆ منداڵان و مێرمنداڵان و لاوان
- لاوازی پەیوەندیی نێوان نەوەکان و گواستنەوەی میراتی ئەدەبی
ئەم بۆشاییانە پێویستی بە گرنگیدانێکی جیددی و پلاندانانی کولتووری هەیە
پێشخستنی زمانی کوردی وەک زمانی دایکی، بە تایبەت لە نێو منداڵان و تازەلاواندا ڕووبەڕووی چ ئاستەنگێک دەبێتەوە؟
تەحەددیاتەکان زۆرن:
- فشاری زمانی فەرمی و میدیای باڵادەست
- نەبوونی ناوەڕۆکی سەرنجڕاکێش و گونجاو بۆ منداڵانی بچووک
- نەبوونی مامۆستای ڕاهێنراو لە بواری زمانی دایکیدا
- هەندێک جاریش بنەماڵەکان گرنگی زمانی دایکی پشتگوێ دەخەن.
بەڵام بە شیعر و یاری و مۆسیقا و چیرۆک،ئەتوانین ئەم تەحەددایانە نەرم بکەینەوە و زمانەکە بهێرینەوە دڵی منداڵ.
بەڕای ئێوە چالاکانی ڕۆشنبیری و ئەدەبی لە ناوچەکەدا چۆن ئەتوانن باشتر و بەسوودتر لەم بوارەدا کار بکە
چالاکوانانی ڕۆشنبیری دەتوانن بەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە کاریگەرتر کار بکەن:
- بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی داهێنەرانە و مالتیمیدیا بە زمانی دایکی
- ئەنجامدانی وۆرک شۆپی شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان
- هاوکاری نێوان نووسەران و وێنەکێشان و پەروەردەکاران
- بەکارهێنانی فەزای ئەلیکترۆنی بۆ بەرەوپێشبردنی زمان و کولتوور
- تۆمارکردن و دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبیاتی زارەکی ناوچەکە
لە کۆتاییدا هاوسۆزی و هاوکاری کلیلی سەرکەوتنن لەم بوارەدا.
تێبینی کۆتایی
بۆ من شیعر تەنیا وشە نییە، ڕێگایەکە بۆ زیندوو ڕاگرتنی ڕەگ و ڕیشە.
ئەگەر منداڵێک بە بیستنی شیعرێک زەردەخەنە بکات، ئەگەر وشەیەکی کوردی بە خۆشەویستییەوە دووبارە بکاتەوە،
من لە ئەرکەکەم نزیک بوومەتەوە

بۆچوونهکان